هۆشیاری کۆمەڵایەتی
منداڵ کاتێک دەگاتە تەمەنی (4بۆ6 ساڵان) یان قۆناغی فێربوونی ناوی شتەکانی دەوروبەری و قۆناغی قوتابخانە و چوونە کۆڵان و ناو کۆمەڵگە، پێویستە دایکوباوکان منداڵەکانیان فێربکەن کە چەند شتێک هەن دەبێت ئاگاداری بن و بەبێ پرسی دایک وباوک نابێت بیانکەن و نابێت لەدایکوباوکی بشارنەوە، نمونە:
1. هەرگیز نابێت منداڵان (بنێشت، چکلێت یان شیرینی لە شێوەی جگەرە یان حەب و دەرمان، میوەو هیچ جۆرەخۆراک و خواردنەوەیەک لە کەسانی نامۆو نەناسراو وەرنـەگرن).
2. هەرگیز نابێت نزیکی کەسی نەناسراو ببنەوەو لەگەڵی بڕۆن بۆ شوێنێک کاتێک داوایان لێدەکرێت، جا ئەگەر ڕوویدا کەسێک داوای کرد یان پەلی ڕاکێشان ئەوا هاواربکەن و داوای یارمەتی و هاوکاری خەڵک بکەن، تەنانەت بۆن وعەتریش وەرمەگرە لەکەسانی نامۆو نەناسراو.
3. نابێت منداڵان شت لەدایک وباوک بشارنەوە بۆیە دەبێت دایکوباوک بەئارامی و بەبێ هەڕەشەولێدان وا لەمنداڵەکانیان بکەن کە بەئاسانی و بەخێرایی ئەوشتانە باس بکەن بۆ دایکوباوک کاتێک ڕوبەڕووی دەبنەوە لەژیانی ڕۆژانە.
4. تکایە هەرگیز منداڵ مەترسێنن بە( پۆلیس، پزیشک، مامۆستا).
5. هەرگیز باسی دێو و تارمایی و دەعباو شەوەو جنی ..تد بۆمەکەن.
6. فێری نۆرەگرتنیان بکەن، ئامۆژگاریان بکەن لە ڕێزگرتنی مرۆڤ بەگشتی و مرۆڤە بەتەمەنەکان بەتایبەتی.
7. فێری دەخیلەو پاشەکەوتیان بکەن، مەهێڵن زێدەڕەوی لەخەرجکردنی پارەدا بکەن.
8. فێری خۆراکی تەندروستیان بکەن.
9. کاتێک منداڵ دەگاتە قۆناغی باڵغبوون تکایە دایکان کچەکانیان تێبگەیەنن لەوگۆڕانکاریانەی جەستەیان و باوکانیش کوڕەکانیان.
10. فێری پرسیارکردن و پرسکردن و بەرپرسیارەتیان بکەن بەگوێرەی تەمەن و گەشەی مێشکیان.
ئامادەکردن/ هەرێم واحد، ڕێنماییکاری پەروەردەیی
