وته‌ی به‌ڕێز روناك به‌شیر ڕێنمایی کاری پەروەردەی

(تاکێکی تەندروست واتا کۆمەڵگایەکی تەندروست) ڕێنمای کاری پەروەردەیی یەکێکە لەم توێژە گرینگانەی کۆمەلگا کە دەتوانێت ڕۆڵی ئاشکرا و ڕوونی هەبێت لە هەموو کایە کۆمەلایەتیەکان، هەموو تاکێک لە دوولایەن پێکدێت لایەنی دەروونی و لایەنی کۆمەڵایەتی، بۆیە لە ناوەندەکانی خوێندندا پێویستی بە ڕێنمایکردن هەیە. ڕێنمایی کردن: بریتیە لە پڕۆسەیەکی ڕوبەڕووی نێوان دوو کەس، ئامانجی یارمەتیدانی تاکە بۆ ناسینی خۆی و تواناکانی. لە سەردەمی ئێستادا پەروەردەی تاک تەنیا خۆی لە بازنەی خێزان نابینێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک بازنەی تر هەیە بۆ پێگەیاندنی. لە ئێستادا قوتابخانە ڕۆلێکی گرینگی هەیە لە پێگەیاندنی تاک.وەک ڕێنماییکاری پەروەردەیی. بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە لە ناوەندەکانی خوێندندا بە دواداچوون بۆ کێشەو گرفتەکانی قوتابی بکرێت، لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و زانستی. لە هەمان کاتدا چارەسەرێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ باشترکردنی توانای قوتابی. لەبەر گرنگیی ڕۆڵی ڕێنمایی کاری پەروەردەیی لەناو قوتابخانە، لە پێناو سەرکەوتنی زیاتری پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بۆ ئەوەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ فێربوون و پەروەردە کردنی قوتابیان لەناوەندەکانی قوتابخانە و خوێندنگاکان بڕەخسێت، پێویستە بەڕێوەبەران و یاریدەدەران هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ڕێنماییکاری پەروەردەیی بکەن بۆ باشترکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.